07‏/03‏/2014

قرم كێشەیەكی نوێی مێژوویی


ئاسۆ وەهاب

لە گەرمەی رووداوەو وەرچەرخانە سیاسییەكەی وڵاتی ئۆكراین، جارێكی تر كێشە مێژووییەكەی نیمچە دوورگەی قرم سەریهەڵدایەوە بەوەش باڵی كێشا بەسەر هەواڵ‌و پێشهاتەكانی 4 ساڵ لە ململانییەی خوێناوی لە وڵاتی سوریا، ئەوەی بە وردی ئاگاداری ئەم كێشەیە بێت ئەوا ئەو ساتە وەختانەی بە یادەوە دێت كە لە ساڵانی جەنگی سارد دا روویانداوە، راستە پاساوی روسیا بۆ دەستگرتن بە سەر قرمدا ئەوەیە كە زۆرینەی دانیشتووانی روسن، بەڵام گەوهەری كێشەكە ستراتیژیەو رەهەندی لەوە زیاتری هەیە . 
 وێنەكە لە ماڵپەڕی MSN Arabia
قرم نیمچە دوورگەیەكە دەكەوێتە سەر دەریای رەش لەسەر سنوور لە نێوان روسیاو ئۆكراین قوڵایی ستراتیژی مۆسكویەو تاكە رێڕەوی زیندووی روسیایە بۆ ئۆكراین وباكووری توركیا، زۆرینەی دانیشتووانی ئەرسەدۆكسن لەگەڵ كەمینەیەك 12% لە تەتارو موسڵمان . تەتارەكان بە درێژایی چەند سەدەیەك جەنگیان دژ بە روسیا كردووەو لەسەردەومی پاشا كاترینای دووەم دوای جەنگی بەناوبانگی قرم توانیان بە یارمەتی دەوڵەتی عوسمانلی‌و رۆژئاوا دوای گەمارۆی هێزەكانی روسیا بۆ چەند مانگێك ئازادی بكەن‌و فەرمانڕەوایەتی بگرنە دەست، رۆمانە ناوازەكەی تۆلیستۆی (جەنگ‌و ئاشتی) بۆ ئەم رووداوە نووسراوە .
دوای شۆڕشی بەلشەوی جارێكی تر قرم چووەتەوە ژێر دەسەڵاتی سۆڤێت‌و بۆ ماوەیەكی درێژ لە رووی كارگێڕی‌و نەتەوەیی و ئایینی لە ژێر ركێفی سۆڤێت بووە تا لەسەردەمی سەرۆك (خرۆچیف) كە بە رەگەز ئۆكرانی بوو لە رووی كاگێڕییەوە قرم خرایە سەر ئۆكراین .
لە ئەمڕۆدا دەست تێوەردانی روس لەكاروباری ئوكراین (قرم) تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكەكەی نییە كە بە روسی قسە دەكەن‌و ئەرسەدۆكسن، كە لەبنەڕەتیشدا روسیا لەسەر داوای خەڵكەكەو دەسەڵاتی خۆجەیی قرم ئەم كارەی كرد، بگرە لە روانینی روس ئۆكراین بەشێكی مێژویی‌و پیرۆزی روسیایە، بەو پێیەی (شاری كییڤ) پایتەختی مێژوویی روسیا بووەو باشترین سەركردەو سوپاسالارەكانی روس ئۆكرانی بوونە بۆیە دەستێوەردانی رۆژئاوا لە كاروباری ئۆكراین بەلای ئەمانەوە هێڵی سوورە . دووریش نییە ئەو سیناریۆیەی كە لە جۆرجیا- ئۆستیای باكوور لە ساڵی 2008 روویدا دووبارە ببێتەوە .
خاڵێكی گرنگی تر ئەوەیە كە لە بەندەری (سباستۆبۆڵ) لە كەناری باشووری نیمچە دوورگەی قرم بارەگای كەشتی گەلی دەریای رەشی روسیا هەیو هەزاران سەربازی تێدا رۆژانە كاروبارەكان رادەپەڕێنن، بەلای روسیاوە ئەم بارەگایە هێڵێكی پێشەوەی ئۆپراسیۆنەكانە‌و سەرۆكی لەكار لابراو ڤیكتۆر یانوكۆڤیچ لەساڵی 2010 ماوەی مانەوەی ئەو هێزەی لە بەندەرەكە بۆ 2042 درێژ كردبووەوە بەمەش ترسی روسەكان لە رووخاندنی یانوكۆڤیچ لەدەستدانی ئەو پێگە سەربازییەیە كە لە قرم هەیانە بە تایبەت ئەم كێشەیەیان لە سەردەمی ڤیكتۆر یۆشینكۆ تاقیكردبووەوە كاتێك لە 2009 هەڕەشەی ئەوەی كرد كە پێویستە روسەكان تا 2017 ئەو شوێنە چۆڵ بكەن .

تێبینی :
- هیچ كەناڵێك مافی بڵاوكردنەوەی ئەم بابەتەی نییە .



0 كۆمێنت:

إرسال تعليق