14‏/10‏/2014

فشاری سەر بەغدا كەم كەنەوە

نووسینی : ئاسۆ وەهاب 




لەگەڵ ئەگەری دەستپێكردنی جەنگ لە دەورووبەری بەغدا دوای كۆكردنەوەی هێز لە لایەن داعش‌و سوننەكان كە زۆر سەرچاوە بە 10 هەزار چەكدار مەزەندەی دەكەن . رووداوەكان پەرەسەندنێكی مەترسیدار بەخۆوە دەبینن . رەنگە بەلای زۆرێكەوە ئەمە بایەخی نەبێت‌و بە لۆژیكی (ئاگرە سوورە لە خۆمان دوورە) كورد مامەڵەی لەگەڵ بكات ، بەڵام لە راستیدا وا نییەو زۆر گرنگە كورد راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداری ئەو شەڕە بكات بە كەمكردنەوەی فشار لەسەر بەغدا ئەمەیش لە رێگەی كردنەوەی چەندین بەرەی جەنگ لێرەیشدا گرنگە هەم بەرەی لای پارتی‌و هەم بەرەی لای یەكێتیی بگرێتەوە، بە لۆژیكی (كوشتنی دوو چۆلەكە بەیەك بەرد) كوردی دەتوانێت فشاری سەر بەغداو سەر كۆبانیش كەم بكاتەوە . لێرەوە دەتوانێت یارمەتی سەربازی هەم لە رێگەی بەغداو هەم لە رێگەی تاران‌و هاوپەیمانانیش بەدەست بهێنێت ئەگەر بێت‌و بە شێوەیەكی فەرەمی رێكەوتن لەگەڵ بەغدا بكات‌و لەگەڵ تارایش (بە لۆژیكی "دوژمنی دوژمنم دۆستمە" ) كارو بەرژەوەندییەكانی خۆی بەرێوە ببات دەرئەنجام هەم سوود لە ململانییەی ئابووری‌و سیاسی تاران- ئەنكەرە وەردەگرێت‌و هەم  پشتیوانی ئێران بۆ باكورو رۆژئاوایش و باشوور زیاد دەكات . لە عێراقیش دا ئەگەر بێت‌و بە شێوەیەكی گونجاو گەمەكە بكات ئەوا جگە لە پشتیوانی حكومی لەسەر ئاستی میللیش هاوسۆزی بەدەستدەهێنێت و بۆ خۆ پاراستن حكومەتی عێراق مل بۆ هەموو داواكارییەكانی كورد دەدات.. لێرەوە جارێكی تر هاوپەیمانان پەلكێش دەكات بۆ ئەوەی كورد بكاتەوە هاوپەیمان‌و لە بازنەی سیاسەتی ئێران دەربەكات ئەو كات دەتوانێت سوود لە هاوپەیمانانیش وەربگرێت . ئەوەی گرنگە یەكریزی ماڵی كوردی و دامەزراندنی ژووری پرۆسە هاوبەشەكانی كوردە كە تەواوی لایەنەكانی رۆژهەڵات‌و رۆژئاواو باكوورو باشووری تێدا بێت‌و كار لەسەر دامەزراندنی سیستەمی بەرگری كوردستانی بكرێت  . 

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق